| چۆن ئێمه‌ی مرۆڤ له داهاتودا ئه‌گۆڕێین ؟ نووسینی : دانیلله پالو  وه‌رگێڕانی له‌ئه‌ڵمانیه‌وه: خه‌بات لاوباخ نزیکه‌ی 6 ملیۆن ساڵه مرۆڤ هه‌یه،له‌دوای نهشونماکردنمان ،ئه‌بینین که چۆن ئه‌توانین به‌ڕێکی بڕۆین و بدوێین و بخوێنینه‌وه ،گه‌شه‌کردنی مرۆڤ هه‌ر به‌رده‌وامه ، بۆ نمونه له داهاتودا درێژتر ئه‌بین ،به‌ڵام ئاگاداربن ، قژ زه‌رد و چاو شین (مرۆڤی کاڵ) به‌ره‌و نه‌مان ئه‌چێت. مرۆڤ به‌خۆشحاڵییه‌وه خۆی به تاجی بونه‌وه‌ره خوڵقێنراوه‌کان ئه‌بینێت ، هه‌رچه‌نده له‌ڕێڕه‌وی گه‌شه‌کانی جه‌سته‌ی گیانله‌به‌ران و گۆڕانکارییه‌کاندا ، ئێمه‌ی مرۆڤ به وهرزترین و بێ‌تامترین زینده‌وه‌ر هه‌ژمار ئه‌کرێین ، چونکه جه‌سته‌ی مرۆڤ له دووسه‌د هه‌زارساڵی ڕابردودا هیچ گۆڕانێکی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. به‌ڵام هێشتا گه‌شه‌کردنمان کۆتایی نه‌هاتووه ، ته‌کنیک له ساڵانی داهاتوودا گۆڕانێکی ڕاده‌به‌ده‌رمان به‌سه‌ردا دێنێت. ڕه‌وڕه‌وه‌ی شۆڕشێکی گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆڤایه‌تی به‌م نزیکانه به‌ڕێوه‌یه. + چی جۆره گه‌شه‌کردنێک چاوه‌ڕێمانه ؟ له ڕابردوییه‌کی زۆر دووردا نیه، که نابینا، گوێ گرانه‌کان(که‌ڕ) ،بێ ده‌ست و قاچه‌کان شانسی مانه‌وه‌ی ژیانیان که‌م بوو ،یان هه‌ر نه‌بوو . بواری سروشت وابوو ،که ته‌نها ئه‌وانه‌ی به باشی توانای خۆگونجانیان هه‌بوه تێیدا ،شانسی مانه‌وه‌یان هه‌بووه له ژیاندا ،به‌ڵام ئیمڕۆ وا نیه ، پێویست به گۆڕانگارییه‌کی زۆری بنچینه‌یی گه‌شه‌کردنی خانه‌کانی زینده‌وه‌ر نیه وه‌ک جاران. له داهاتوودا ڕه‌نگی ڕوخساری مرۆڤ تێکه‌ڵ ئه‌بێت وه‌ک ڕه‌نگی که‌پۆچینۆ (جۆرێک له قاوه) و قژێکی تۆخ و چاوێکی باده‌می ئه‌بێت. باڵای مرۆڤیش درێژتر ئه‌بێت ، هه‌روه‌ک له ئه‌ڵمانیا باڵای کوڕێکی هه‌رزه‌کار 20 سم له باووپاپیرانی درێژتر بووه،له هۆڵنده هه‌رزه‌کاران 30 سم درێژتر بوون. ئه‌مه‌ش پێش هه‌موو شتێک ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باش بوونی جۆری خۆراک ، که کار له منداڵ ئه‌کات خێراتر بگه‌نه ته‌مه‌نی هه‌رزه‌کاری(مراهقی) و ئه‌ندامی زاوزێیان ته‌واو گه‌شه بکات ، له‌گه‌ڵ هه‌نگاونانی خێرایی په‌ره‌سه‌ندنی ته‌کنیکیش ئه‌توانرێت ته‌مه‌ن درێژ بکرێته‌وه ، وه‌ک چۆن له‌سه‌رده‌می چاخی به‌ردیندا مرۆڤ به تێکرایی ته‌مه‌نی گه‌یشتۆته 36 ساڵ ، ئێستا به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ئه‌گاته دووجار به‌رامبه‌ر به‌و ته‌مه‌نه واته 72 ساڵ. ڕه‌گه‌زی مرۆڤ زۆرتر تێکه‌ڵ ئه‌بن ،ئه‌مه‌ش ئه‌بێته هۆی زاڵ بوونی خانه‌ی پێست تۆخه‌کانی ئاسیا و شێوه‌و ڕوخساری ئه‌وان بڵاو ئه‌بێته‌وه. زاناکان گه‌یشتونه‌ته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی که دوا ژنی قژ زه‌رد له فیله‌ندا له 200 ساڵی تردا له دایک ئه‌بێت و دوای به‌ره‌و نه‌مان ئه‌چێت. به ڕۆژگار وای لێدێت مێشکی مرۆڤ زۆر گه‌وره‌تر ئه‌بێت ، له 800 سم3 ئه‌بێته 1200 سم3، هۆکه‌شی ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زۆرتر فێربوون له ماوه‌ی ژیانیاندا ، ئه‌مه‌ش وا ئه‌کات خانه بۆره‌کانی مێشک زۆرتر بن ،له به‌ر ئه‌وه فۆرمی مێشک گه‌وره‌تر ئه‌بێت. دانه‌کانمان پێویست ناکات کاری گرانیان پێ بکه‌ین ، چونکه خۆراک له داهاتودا زۆر پێویست به جووین ناکات ،کاکیله‌ی دانمان کول ئه‌بن و ده‌م بچوک ئه‌بێته‌وه ،له‌داهاتوشدا پێویست به‌گه‌ڕان و په‌یداکردنی خۆراک ناکات ، ئه‌مه‌ش ئه‌بێته هۆی کزبونی توانای بینین و بۆن کردن له مرۆڤدا. + چی شتێک له توانای مرۆڤدا ئه‌بێت: ئه‌وه‌ی تا چه‌ند ساڵێک لهمهوپێش به‌بیری مرۆڤدا نه‌ده‌هات و به خه‌و و هزر ئه‌مان هێنایه به‌رچاومان ،ئیمڕۆ هه‌مووی ڕاستین و کارێکی ئاسایی ڕۆژانه‌یه ، بۆ نمونه چاندنی ئۆرگانێکی ده‌ستکرد له مێشکی مرۆڤێکی که‌ڕدا ، توانای گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ستی بیستن ئه‌داتێ ، یان دانانی زمانه‌ی دڵی ده‌ستکرد بۆ دڵی مرۆڤێکی دڵ نه‌خۆش ، دانانی قاچێکی ده‌ستکرد بۆ بێ قاچه‌کان و توانای ڕۆیشتن و ڕاکردنی ئاساییان ئه‌بێت. ئه‌مه وا ئه‌کات مرۆڤه بێهێزه‌کان بتوانن ژیانێکی ئاسایی به‌رنه‌سه‌ر .واته مرۆڤ پێویستی به گۆڕانه کتوپڕییه‌کانی خانه‌ی جه‌سته‌ی نابێت ، ته‌کنیک جێی ئه‌گرێته‌وه له ڕێگای هه‌ڵبژارده‌ی بایۆلۆژی و ئۆڕگانی ده‌ستکردی وه‌ک دڵ،جگه‌ر و گورچیله و ئێسقان و مرۆڤی ڕۆبۆته‌وه ، شۆڕشێکی گه‌شه‌سه‌ندنی جه‌سته‌ی مرۆڤ دێته ئه‌نجام. + مرۆڤ به‌رده‌وام ته‌ندروستی باشتر ئه‌بێت: مرۆڤ له داهاتودا گه‌شه‌ونه‌شونمای جه‌سته‌ی خۆی ئه‌خاته ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه ، له 30 ی ساڵی داهاتودا داهێنانه‌کان کارئاسانی وا ئه‌که‌ن ،که له ڕێگای ته‌کنیکی (جین)ه‌وه گۆڕانکاری له باشتر بوونی ته‌ندروستی مرۆڤدا بکرێت ، هه‌روه‌ک داهێنه‌ری ئه‌مریکی ( لی سیلڤه‌ر ) ئه‌ڵێت ، ماوه‌یه‌کی تر نه‌خۆشییه‌کانی شێرپه‌نجه و وه‌ستانی دڵ و مێشک (جه‌ڵته‌ی دڵ ومێشک) ئه‌بنه به‌سه‌رهاتی ڕابردوو و چاره‌سه‌رییان ئاسان ئه‌بێت. + کوێره‌کان ئه‌توانن ببینن و ئیفلیجه‌کان ئه‌توانن بڕۆن: به هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ته‌کنیکه‌وه ته‌نانه‌ت هیوابڕاو و خاوه‌ن پێداویسته تایبه‌تیه‌کان که‌وتنه ناو بارودۆخێکی پڕ له هیوا و ئاواته‌وه ، له‌م ماوه‌یه‌دا توانرا مرۆڤی ئیفلیج له بڕبڕه‌ی پشته‌وه بخه‌نه سه‌رپێی خۆی و هه‌نگاو بنێت ، به‌هۆی دانانی کۆمپیته‌رێکی بچوک له مێشکیدا که فه‌رمان به‌قاچه‌کانی بدات بۆ ڕۆیشتن، یان کوێره‌کان ئه‌توانن ببینن، به‌هۆی دانانی کامێره‌یه‌کی بچوکه‌وه که ته‌وژمێک ئه‌نێرێت بۆ خانه‌کانی مێشک ، یان به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ئه‌و ئامێره (ڕاسته‌ر: ئامێرێکه بۆ ده‌ستنیشانکردنی ڕه‌نگه‌کان) ببینێت و توانای هه‌بێت به‌ته‌نها کاره‌کانی جێ به‌جێ بکات. + ژنی دووگیان هه‌ست به به‌رزی سکی ناکرێت: له‌دوای پیتاندنی تۆوی ژن وپیاو دروست بوونی کۆرپه‌که ، ده‌مێکه ئه‌توانرێت بۆ به‌خێوکردنی ئه‌و کۆرپه‌یه له ناو شوشه دا گه‌شه‌ی پێ بدرێت تا گه‌وره ئه‌بێت ، ئه‌وه‌ی له داهاتودا جێی ئه‌گرێته‌وه ،جۆری زاوزێ کردنه له ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤدا،هه‌روه‌ک داهێنه‌رێکی ژن ( هونگ-چینگ لیو ) توانی منداڵدانێکی ده‌ستکرد دابهێنێت و که توانراوه مشک بۆ چه‌ند ڕۆژێک تێیدا بژین ، وا پێشبینی ئه‌کرێت له ماوه‌ی 10 ساڵی داهاتوودا بتوانرێت مناڵدانی ده‌ستکرد له‌ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته بۆ مرۆڤیش به‌کار بهێنرێت . + دروستکردنی پێست و لوت وگورچیله له لابۆردا (تاقیگا) : له دوای ڕوواندنه‌وه و گواستنه‌وه‌ی پێستی خودی مرۆڤ ئه‌توانرێت ئه‌و مرۆڤه برینداره یان که‌می و نه‌مانی خانه‌کانی جه‌سته‌ی بڕوێنرێته‌وه و دروست بکرێته‌وه و له جه‌سته‌یدا بچێنرێته‌وه ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه ی (فرایبۆرگ)ی ئه‌ڵمانی، پێستی مرۆڤ به‌رهه‌م هێنراوه ، له دوای ئه‌مه‌ش نیازی دروست کردنی گوێچکه و جومگهکانین ، هه‌وڵ ئه‌درێت له داهاتوودا ئۆڕگانه‌کانی ناوه‌وه‌ش دروست بکرێته‌وه ، هه‌رچه‌نده زۆر کارێکی ئالۆزه ، به‌ڵام ڕۆژگارێک دێت، که بتوانرێت ئه‌وانه‌ش بچێنرێته‌وه له له‌شی مرۆڤدا. + ئایا سنوره‌کان له کوێدان ؟ مرۆڤ چیتر پێویست ناکات خۆی له‌گه‌ڵ ژینگه‌دا بگونجێنێت ،به‌ڵکو ژینگه له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌گونجێنێت،چیتر گه‌شه‌سه‌ندن پابه‌ند نابێت به هه‌ڵبژارده‌ی سروشته‌وه ، به‌ڵکو پابه‌ند ئه‌بێت به حه‌ز وئاره‌زووی مرۆڤه‌وه. له کاتێ نه‌مانی ڕه‌گه‌زی کاڵ (چاوشین و قژ زه‌رد) ، مرۆڤ ئه‌توانێت خۆی جارێکی تر بچێنێته‌وه و دروستی بکاته‌وه . به‌هۆی ئه‌و زانیارییه پێشینه‌یه‌ی هه‌یه‌تی که له‌وه‌و پێش پێی به‌خشێنراوه له سروشتدا،له‌گه‌ڵ شاره‌زایی له جۆری گۆڕانکارییه‌کانی جه‌سته‌ی ، له‌ئه‌نجامدا، ئه‌و توانایه‌ی ئه‌بێت که خۆی بڕیارده‌ر بێت له ده‌ست نیشانکردنی جۆری گه‌شه کردنی له جه‌سته‌ی خۆیدا .بۆ نمونه، پێش له دایک بونی کۆرپه‌کانی، خۆی بڕیار ئه‌دا که شێوه و فۆرم و ڕه‌نگی ڕوخساری نه‌وه‌کانی چۆن بێت،یان منداڵه‌که‌ی ببێت به خاوه‌نی چی به‌هره‌یه‌ک له ژیاندا یان نه‌خۆشییه‌کانی چاره‌سه‌ربکرێت پێش هاتنه ژیانه‌وه. + ترسی مرۆڤ له داهاتوو : گه‌وره‌ترین ترس بۆ مرۆڤ له داهاتوودا ئه‌وه‌یه که له‌وانه‌یه سروشت له‌ناومان ببات ،یان هه‌ندێکمان بهێڵێته‌وه له ناو جیهانێکی وێرانه و په‌رته‌وازه‌دا هه‌ر وه‌ک پسپۆری جێۆلۆجی به‌رلینی (کارستن نیمیتس) ئه‌یخه‌مڵێنێت. گه‌ر بێتوو سروشت به‌سه‌ر مرۆڤدا زاڵ نه‌بێت ، هه‌ر نه‌مر بێت ، ئه‌و کاته سه‌رجه‌می دانیشتوانی گۆی زه‌وی هێنده زۆر ئه‌بێت ، که نائاسوده‌یی به دوادا دێت و زه‌وی به‌رگه‌ی ناگرێت و گۆڕان به‌سه‌ر شێوه‌که‌یدا نایه‌ت به‌ڵکو ژینگه‌که‌ی به‌ره‌و تێکچوون ئه‌چێت . له‌به‌ر زۆری دانیشتوان شیرازه‌که تێک ئه‌چێت، بناغه‌کانی ژیانی ئاسایی هه‌ڵ ئهتهکێتنرێت ، چیتر مرۆڤ ناتوانێت به ئاسانی بژی. + که‌ی کاتمان به‌سه‌ر ئه‌چێت له سه‌ر زه‌وی ؟ زانایانی ده‌زگای (ن.ا.س.ا- ناسا) ی ئه‌مه‌ریکی له‌و باوه‌ڕه‌دان که هێشتا مرۆڤ کاتێکی درێژی ماوه له‌سه‌ر گۆی زه‌وی ، به‌ڵام له کۆتاییدا پێکدادانێک ڕوو ئه‌دا له‌گه‌ڵ پارچه‌یه‌کی تری گه‌وره‌ی ئاسمان ،وه‌ک چۆن پێش 4،5 ملیارد ساڵ ڕوویداوه ، ئه‌و کاته، ئه‌و بازنه‌یه به‌ره‌و داخستن ئه‌چێت ،به‌ڵام چه‌ندین هه‌زار ساڵمان له پێش ماوه بۆ ڕوودانی ئه‌و کاره‌ساته. * له گۆڤاری Welt der wunder وه‌رگیراوه. |