|
داهێنانێکی نوێی بۆ ڕێگاوبان بە ( ووزەی کارەبای سۆلار )لە ئەمەریکا
Apr 04,2011 00:00
by
xabat
داهێنانێکی نوێی بۆ ڕێگاوبان بە ( ووزەی کارەبای سۆلار )لە ئەمەریکا ئەندازیارێکی ئەلەکترۆنی ئەمەریکی بیرێکی نوێ بۆهاتوو بۆ داهاتوو بۆدروستکردنی شەقامی سۆلار( سۆلار - بریتیە لە وەرگرتنی تیشکی ڕۆژ و گۆڕانی بۆ ووزەی کارەبا) ،کە ئەم جۆرە ووزەیە تاکو ئێستا بۆ هەندێ کاری تایبەتی و ماڵان بەکاردێت کە لەسەربانی ماڵەکان دائەنرێت بۆ بەدەستهێنانی ووزەی کارەبا ،کە ئەمە نرخەکەی کەمترە لە ووزەی کارەبای ئاسایی و سودبەخشیشە بۆ پاراستنی ژینگە وەك ئەم وێنانەی خوارەوە: ئەم ئەندازیارە نیازی وایە ئەم تەکنیکی ووزەی کارەبای (سۆلار) بۆ دروستکردنی شەقامی نێوان شارەکان و ڕێگای خێرا ( ئاوتۆبان – هایوەی) ، پارکی ئوتومبیل ،شوێنی یاری مناڵان و شەقامی بەردەم ماڵان ،کە ئەتوانرێت لەم ڕێگایەوە ووزەی کارەبا بۆ ماڵان و ئوتۆمبیلی کارەبایی مسۆگەر بکات بە بڕێ پارەی کەمتر لە ووزەی کارەبایی ئاسایی. لە ئەمەریکا ١٠٠٠٠٠ کم٢ (سەدهەزار کیلۆمەتر دوجا) ڕێگاوبان هەیە ،کە لە قیر و چیمەنتۆ دروستکراون ،بۆیە لەجیاتی ئەسفالت ،نیاز وایە لە ڕێی ئەم داهێنانەوە پارچە سۆلار جێی بگرێتەوە، کە زۆر هۆی باش هەیە بیر لەم داهێنانە بکرێتەوە. بۆ نمونە تۆڕی ڕیگاوبان دیمەنێکی نایاب ئەدەن بەدەستەوە ، لەم ڕێگایەشەوە ئەتوانرێت ڕاستەوخۆ لە کەنار شەقامەکانەوە ووزەی کارەبا بگەیەنرێتە ماڵان ، خاوەن ئوتومبیلە کارەباییەکانیش ئەتوانن لە بەر دەمی ماڵەکەی خۆیاندا پاتری ئوتومبیلەکەیان پڕ بکەنەوە( شحن) و پێویستیان بە بەنزینخانە نامێنێت. پێوانەی هەر پارچەیەك لە سۆلارانەی کە داهێنراو و دروستکراوە ٣،٧ مەتر ئەبێت ،تەواو بەقەد پێوانەیی سایدێکی شەقامەکانی ئەمەریکایە ، بە تێکرایی لە ئەمەریکا ڕۆژانە چوار کاتژمێر ڕۆژ هەڵدێت ، مانای وایە هەر پارچەیەك لە سۆلارانە ڕۆژانە ئەتوانێت( ٧،٦ کیلۆوات) ووزەی کارەبا دروست بکات . بەڵام بۆ جێ بەجێ کردنی ئەم بیرۆکە باشە هەندێك گرفت دێتە پێشەوە ،وەك بۆ ئەوەی بتوانرێت بەشەویش کە تاریکە بە کاربهێنرێت ، تیشکی خۆر نیە ،پێویستی بە شوێنێك گەورە هەیە ،کە پاشەکەوتکردنی ئەو تیشکەیە کە بۆ شەو بەکار بێت ،تێدا خەزن بکرێت ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پارچە سۆلارانەی لە سەر شێوەی شوشەی پەنجەرەیە ،لەوانەیە بە خێرایی بشکێن ،بەڵام ( سکۆت بروساو – کە داهێنەری ئەم بیرۆکەیەیە) لەو بڕوادایە کە ئەتوانرێت ( فۆتۆڤۆلتایك) لەڕێگای بەکارهێنانی ماتریاڵیکەوە(مادە) کە ناوی (پریسما)ە ڕەق و توند و تۆڵتر بکرێت و جێی دڵنیای مرۆڤ و ئەو ئوتومبیلانە بێت کە بەسەریدا تێئەپەڕن و ڕوناکییەکی باشتر ببەخشێت بە شەقامەکان . ئەم داهێنەرە، یەکەم پارچەی ئەم سۆلارەی دروست کردوە وگەشەی پێداوە ، کە ماترێالی( پۆلیکاربۆنات) تێدا بەکارهێناوە ،کە ئەمە لە دروستکردنی ( سی دی ) بەکاردێت ، کە ئەمەش ئەبێتە هۆی داگیرساندنی ڕوپێوی شەقامەکە ،هەر کاتێك کە پالەپەستۆ ئەچێتە سەر پارچە سۆلارەکە ،سودی ئەبێت بۆ روناککردنەوەی شەقامەکان لە کاتی تاریکی شەودا. لەگەڵ ئەوەی هەر پارچەیەك لەم سۆلارە ( ٣،٧ م) نرخی ئەگاتە ( ٧٩٠٠ ئویرۆ) کە زۆر گران ئەکەوێت ، بەڵام کاربەدەستانی ڕێگاوبانی ئەمەریکی مەیلی کڕین و بەکارهێنانیان نیشانداوە ،بە بۆچونی منیش کارێکی زۆر باشە بۆ مرۆڤایەتی و پاراستنی ژینگە ،خۆزگە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانەکەمان ئەم جۆرە ووزەیەیان بەکار ئەهێنا ،بە تایبەتی لای ئێمە تیشکی ڕۆژمان زۆرە ،بەڵام نەك بۆ ڕێگاوبان ،بەڵکو بە گشتی تەکنیکی سۆلار بۆ بەرهەمهێنانی ووزەی کارەبا و ڕزگار بون لە دەست بێ کارەبایی ،هەر زۆر هەرزان ئەکەوێت بۆ ماڵان ،نەك ڕیگاوبان.
سەرچاوە گۆڤاری ئەڵمانی PM – Magazin خەبات لاوباخ |