|
مۆبایل ئەتوانێت ژیانت ڕزگار بکات لە مردن
May 14,2011 00:00
by
xabat
دکتۆر مۆبایل(هاندی) : مۆبایل ئەتوانێت ژیانت ڕزگار بکات لە مردن * سمارتفۆن : ئەو تەلەفونە دەستیانەیە کە بە بەرکەوتن یان خشاندن (لمس ) کارئەکەن وەك ئایفۆن . * ئاپ : ئەو پرۆگرامە بچوکە بەکارهاتوانەیە کە ئەخرێتە سەر سمارتفۆنەکان بۆ مەبەستی جیاواز وەك یارمەتیدەرێك بۆ سودی خاوەنەکەی. لەڕێی سمارتفۆنەکانەوە ئەتوانرێت ئاستی باشی ژیانی نەخۆشە درێژخایانەکان( مزمن / کرۆنیش) بەرز بکرێتەوە بە بەکارهێنانی ئاپی چارەسەری پزیشکی ،کە ئێستا پسپۆرەکان سەرقاڵن پێوەی و ئامادەیان کردوە و زۆرتر گەشەی پێ ئەدەن. لەهەر سوچێکی ئەم جیهانە ڕۆژانە ڕوئەدات ،کە نەخۆشێکی دەردە درێژخایانەکان لە سەر شەقامەکان یان شوێنی کارکردنیان بە لادا بکەون ولە هۆش خۆیان بچن و دواتر گیان لەدەست بدەن ،وەك ئەوەی لە پایزی ساڵی ٢٠١٠ دا موزیکژەن وئاوازدانەری ناوداری ئەڵمانی ( تۆماس فوکسبێرگەر) لە کاتی پیاسەکردنی لە کەنار ڕوبارێك ،لە پڕ ئەکەوێت و لەهۆش خۆی ئەچێت وئەکەوێتە ناو ڕوبارەکە وئەخنکێت ،لەبەر ئەوەی هیچ شتێکی پێ نەبوو ئاگاداری بارودۆخی تەندروستی بکاتەوە و فریای خۆی بکەوێت. سمارتفۆنەکان تەنها کاتی خۆشیمان لە یاری و پرۆگرامی سودبەخش پێنابەخشن ،بەڵکو بە هۆی ئەم ئاپە نۆییانەوە ئەتوانێت ژیانمان لە مەترسی ڕزگار بکات.هەندێك لەم ئاپانە کەوتونەتە بازارەوە و هەندێکیشیان لە ژێر کارکردن و پەرەپێداندان بۆ باشتر کردنیان. لەم چەند هەفتەیەی داهاتودا لە ئەمەریکا مۆبایلێکی پڕ لە سیستەمی تەندروستی بە ناوی ( دیابێتس مەنەرجەر) لە نەخۆشخانەکاندا تاقیکراوەتەو و ڕێی پێدراوە بۆ بەکارهێنانی . ئەم ئاپانە ئەبێتە پزیشکێکی تایبەتی بەردەوام لای خاوەنەکەی ،کە بە ووردبینی زانیاری لە بارەی پاڵەپەستۆی خوێنی خاوەنەکەی یان ڕێژەی شەکر (ئەوەی نەخۆشی شەکرەی هەیە) دەستنیشان ئەکات بە نەخۆشەکەی ڕائەگەیەنێت ، کەی و چەند دەرمان بخوات لە کاتی پێویستدا ،واتە بە بەردەوامی ڕێنمایی خاوەنەکەی ئەکات تا نەکەوێتە بارودۆخێکی نائاساییەوە . لە پرۆژەیەکی پەرەپێدان و داهێنانی نەخۆشخانەیەکی سەر بە زانکۆی (ئێسن) ی ئەڵمانیادا، ئێستا خەریکی ئامادەکردنی ئاپێکن بۆ (ئایفۆن) بە ناوی ( نێفرۆ) ،کە لەژێر تاقیکردنەوەدایە ،ئەمەش بە تایبەتی بۆ نەخۆشی یە درێژخایانەکانە ،یارمەتیان ئەدات لە بەکارهێنانی دەرمانەکانیان بە بەردەوامی تا لێیان تێك نەچێت ، نەخۆشەکە ئەتوانێت خۆی پلانی بۆ دابنێت تا لە کاتی پێویستدا ئایفۆنە بە دەنگ ئاگاداری ئەکاتەوە. لە ئاپێکی مۆدێرن و پێشکەوتری ئایفۆندا ئەتوانێت بەردەوام ئاستی خوێن وپاڵەپەستۆی خاوەن ئایفۆنەکە بپێوێت و بێ ئاگاداری ئەو کەسە بە( بلوتوس – نامرازێك بۆ ناردنی داتایەك بە بێ کابڵ) لە ڕێی ئینتەرنێتەوە بینێرێت بۆ پزیشکە تایبەتیەکەی نەخۆشەکە ،کە بەردەوام لیستێکی بۆ ئەکات بۆ بەراورد کردنی ئاستی نەخۆشی مرۆڤەکە، ئەم کارەش کاتێکی زۆر بۆ نەخۆشەکە ئەگەڕێنێتەوە کە بچێت بۆ لای دکتۆر ،یان بڕە پارەیەکی زۆر بدات بە پشکنینی تەندروستی لای دکتۆر ، دکتۆرەکەش بەردەوام لە ڕێی ئینتەرنێتەوە چاودێری نەخۆشەکانی ئەکات و لە کاتی بونی مەترسیەکدا ڕاستەوخۆ بەتەلەفون ،باری نائاسایی نەخۆشەکە ڕائەگەیەنێت ،ئەم جۆرە کردارەش ناونراوە ( تێلە میدیتسن) . سەرۆکی ڕێکخراوی فیدڕاڵی ئابوری زانیاری و ڕاگەیاندن و میدیاکانی ئەڵمانیا ( کورتکراوەکەی : بیتکۆم) بەڕێز ( ویلهێلم شێر) دڵنیایە لەوەی کە (ئاپ)ەکانی تەندروستی زۆر بە باشی داتا وزانیاری کەسایەتی نەخۆشەکە بگوێزێتەوە بۆ لای دکتۆرەکان پڕ بە پێستی خۆی . ئەم بەڕێوەبردنی کاری تەندروستی بە ڕێگای (ئاپ) ی ئایفۆنەکان ئەتوانێت یارمەتیدەرێكی زۆر باش بێت بۆ کەمکردنەوەی خەرج و تێچونی دارایی لایەنە تەندروستیەکان بە دەزگای دڵنیابونەوەی تەندروستی (تامین صحی) و نەخۆشخانەکان و ئامرازی گواستنەوەی نەخۆش ،کە ئەمانە گرفتێکی زۆری ئابوریین لە ئەوروپادا ، یان سەردانی نەخۆشەکان بۆ لای دکتۆر. بە بۆچونی پسپۆڕان سودێکی گەورەی تەندروستی و ئابوری و دارایی هەیە لە کاتی بەکارهێنانی ئەم سیستەمە ،شان بەشانی ڕزگارکردنی نەخۆشەکان لە مردن لە ڕێێ ئەم سمارتفۆنانەوە ،واتە ئەبن بە ڕزگارکاری مرۆڤ لە مردن.
لە گۆڤاری ئەڵمانی زانستی وەرگیراوەPM Magazin
خەبات لاوباخ ، بەرلین
|