|
جل و بەرگى زیرەک
May 15,2011 00:00
by
fouad
چۆن دەبێت ئەگەر کراسێک یان چاکەتێک لە بەر کەین ئەلکترۆنیکى پچووکى تێدا چێنرابێت و لێدانەکانى دڵ و فشارى خوێن و زانیارى تر دەربارەى تەندروستیمان بدات بە کۆمپیوتەرێک بۆ شیکردنەوەى ؟ ئەوەش ئەوەیە کە ئێستا شارەزایانى بوارى جل و بەرگ لە ئەڵمانیا هەوڵى بۆ دەدەن . ئەمە ئەوەیە کە پێى دەوترێت جلى زیرەک ، وە دەبێتە هۆى ڕزگارکردنى ژیانى چەندین کەس لە مردن ، شۆفێرێک لە کاتى شۆفیریدا جەڵتە لێیدا ،پێش ئەوەى کار لە کار بترازێت و کەسانى تر زیاندار بن ، لەو جلە زیرەکانەوەى فەرمان دەردەکرێت بۆ بزوێنەرى ماشینەکە و بە هێواشى لاى دەدات بەرەو کەنارى ڕێگاکە و دەیوەستێنێت ، ئیتر زیان و مەترسى لە سەر ژیانى کەسانى دیکە دروست نابێت . لە پەیمانگاى ڕستن و چنین لە باشورى خۆرئاواى ئەڵمانیا کۆمەڵێک شارەزا لە بوارەکانى زیندەیى و فیزیاو کۆنترۆلى ئالى سەرگەرمى دروستکردنى جۆرە جل و بەرگێکى وان کە بە ڕووکار ئاساییانە دەردەکەوێت ، بەڵام لە توێیدا چەندین پارچەى ئەلکترۆنى چێندراون کە زانیارى وورد دەدەن دەربارەى لێدانى دڵ و هەناسەدان و خوێن و بارى سینگ و زۆرى ترى ئەو کەسەى کە لەبەرى کردوە . واش چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەو جلو بەرگە زیرەکانە بەکار بێن لە مەیدانى کارکردندا ، بۆ نمونە پیاوانى ئاگرکوژێن لە بەرى دەکەن و نەک هەر بارى دروستى ئەو کەسە دەردەخەن ، بەڵکو پلەى گەرمى ئەو ناوەندەش دەردەخەن ، بۆ ئەوە چەندین گڵۆپى پچووکى دایۆدى لە نێو جلەکاندا دەچێندرێن ، ئەگەر ڕەنگیان سەوز بوون ئەوا بار و دۆخ ئاساییە و ئەگەر زەرد بوون ئەوا جلە زیرەکەکە کارى خۆى ناکات و ئەگەر سور بوون ئەوا ماناى گەرمى زۆرى ئەو ناوچەیە دەردەخات کە مەترسیدارە و دەبێت ئەو کەسە ئاگر کوژێنە لەو ناوچەیە دوور کەوێتەوە . لەوەش سەیرتر هەر لەو جلوبەرگە زیرەکانە ، ئامێرى ئاگادار کردنەوەى دەنگى تێدایە کە ناوەندى ئاگرکوژێنەکان ئاگادار دەکات بە بارى کتوپرى ، لەو جلانەدا پارچەى ئەلکترۆنى واى تێدایە لە ڕێگاى بلوتوسەوە مۆبایلى ئاگرکوژێن ئاگادار دەکات و لەویشەوە زەنگ بۆ ناوەند لێدەدرێت بۆ ئاگادار کردنیان لە بارى کتوپرى ، هەموو ئەو کارانە دەکرێت خۆییانە . یەکێک لەو گرفتانەى لەبەردەم دروستکارانى ئەو جلە زیرەکانەدان ، ئەوەیە کە ئەو جلانەش چڵکن دەبن و پێویستیان بە شتن دەبێت ،لە کاتى شتنیاندا ئەو پارچە ئەلکترۆنیانى تەڕ دەبن و دەنوشتێنەوە ، بۆیە بیر لە ڕێگا چارەى ئەوەش کراوەتەوە ، بەوەى پارچە ئەلکترۆنیەکان بچێنن لە نێو تاڵەکانى قوماشەکەدا و وە بەتاڵى ووردبینى بە نێو تاڵە قوماشەکاندا گەیاندنى تەزووى کارەبا ئەنجامبدرێت ! بە مانایەکى تر گەیەنەرەکان تەلى ووردبینى دەبن و بەشێک دەبن لە تاڵەکانى قوماشەکە ! بەو ڕێگایەشەوە هێشتا بە تەواوى دیار نیە کە تا چەندە ئەو پارچە ئەلکترۆنیانەپارێزراو دەبن لە کاتى ڕوودانى شۆک یان لوولکردنى جلەکان وە ئەوانە لە ژێر تاقیکردنەوەدان . لە لایەکى ترەوە و هەر ئەو جۆرە جلو بەرگانە زۆر بەکەڵک دەبن بۆ پاراستنى منداڵى ساوا لە مردنى کتو پڕ هەروەها بۆ ئەو کەسانەى کە بە ساڵدا چوون و بارى تەندروستیان باش نیە چونکە بەردەوام زانیارى وورد دەربارەى تەندروستیان دەنێرن بۆ لایەنى مەبەست بۆ پاراستنى ژیانى ئەو منداڵ و پیرانە لەکاتى ڕوودانى هەر کتوپڕیەک . http://www.dw-world.de/dw/
جە مال محمد / سلێمانى
|